کەشتیى ئاسمانى ڤۆیەجەر ٢ (Voyager 2) سنوورى کۆمەڵەى خۆرى تێپەڕاندوە.

کەشتیى ئاسمانى ڤۆیەجەر ٢ (Voyager 2) سنوورى کۆمەڵەى خۆرى تێپەڕاندوە.



ناسا ئەوەى پشتڕاست کردۆتەوە کە کەشتیى ئاسمانیى ڤۆیەجەر٢ هاوشێوەى ڤۆیەجەر١ بوو بە دووەمین کەشتى کە ببن بە نێوئەستێرەیى و بتوانن سنوورى کۆمەڵەى خۆر تێبپەڕێنن - ئەو شوێنەى دەرهاویشتەو هێزى موگناتیسى خۆر چیتر کارى تێناکەن. کەشتیى ئاسمانیى ڤۆیەجەر١ کەمێک لەو خێراتر بوو و لە مانگى ٨ / ٢٠١٢ سنوورى کۆمەڵەى خۆرى تێپەڕاند.
دووریى ڤۆیەجەر٢ لە زەویەوە نزیکەى ١٨ بلیۆن کیلۆمەترەو تا ئێستاش زانیارى ئەنێرێتەوە بۆ زەوى و لەلایەن تەلەسکۆپە ڕادیۆییەکانەوە لە ئوستڕالیا هەستى پێئەکرێت.
زاناکان بە وردى لێکۆڵینەوەیان لەو کەشتیە کردوە بۆ ئاگادار بوون لە جێهێشتنى ناوچەى Heliosphere کە بریتیە لە پشتێنەیەک کە بەهۆى کاریگەریى خۆرەوە دروستبوەو لەو شوێنە بەدواوە بە ناوچەى نێوئەستێرەیى دائەنرێت.
زانیاریەکانى ڤۆیەجەر٢ ئەوە ئەخەنە ڕوو کە زیادبوونێک لە بەرکەوتنى تیشکە گەردوونیەکان بە هەستەوەرەکانى کەشتیەکەدا هەیە، ئەم تەنۆلکانە بە خێراییەکى زۆر ئەڕۆن و ئەوانەن کە بنچینەیان دەرەوەى سیستەمى خۆرى ئێمەیە.
بەر لە ئەو ڤۆیەجەر١ هەمان حاڵەتى زیادبوونى تیشکە گەردوونیەکانى بەخۆیەوە بینى بەر لەوەى ناوچەى سنوورى Heliosphere ببڕێت.


ئەو زانایانەى کار لەسەر ڤۆیەجەر٢ ئەکەن لە ٥ / ٨ / ٢٠١٨ هەستیان بە کەمبوونێکى خێراى تەنۆلکەکانى تیشکى خۆر کردو لەو کاتەوە ئیتر هەست بە شەپۆلەکانى تیشکى خۆر لە دەوروبەریدا نەکراوە، ئەمەش وایان لێئەکات بگەنە ئەو باوەڕەى کەشتیەکە بۆتە نێوئەستێرەیى (واتە سنوورى کۆمەڵەى خۆرى تێپەڕاندوە).


بەداخەوە کە ئێستا هەموو بەشەکانى کەشتیە ئاسمانیەکە کار ناکەن و تۆمارکەرى زانیاریەکانى چەند ساڵێک لەمەوبەر لەکار کەوت و تاکە هەڵبژاردە بریتى بوو لەوەى زانیاریەکانى ڕاستەوخۆو بەردەوام بۆ زەوى بنێرێت. ئەمەش ماناى وایە کە ئەگەر نەتوانرێت شوێنى کەشتیەکە بزانرێت ئەوا زانیاریەکان ناگەن بە وەرگرەکان و کەشتیەکە بۆ هەتاهەتایە ون ئەبێت.
بنکەى کانبێراى ناسا بۆ پەیوەندیە دوورەکانى بۆشایى ئاسمان (CDSCC) کە لەلایەن ئاژانسى زانستى نیشتیمانى ئوستڕالیا (CSIRO) کارى پێئەکرێت، لە ڕۆژى ناردنیانەوەوە بەرەو بۆشایى ئاسمان لە ساڵى ١٩٧٧، پەیوەندى و دەستبەسەرداگرتنى کارى دوو کەشتیەکە ئەنجام ئەدات. ئەمە بەشێکە لە ڕۆڵى ئەوان وەکو یەکێک لە سێ بنکەى تۆڕەکانى ناسا بۆ پەیوەندیەکانى بۆشایى ئاسمان. دوانەکەى تر بریتین لە گۆڵدستۆون لە کالیفۆڕنیاو مەدرید لە ئیسپانیا.
پەیوەندیکردن لەگەڵ ڤۆیەجەر٢ کارێکى گرانە بەهۆى ئەوەى ئەکەوێتە بەشى باشوورى کۆمەڵەى خۆرەوە، هەروەها بەهۆى دووریە زۆرەکەى لە زەویەوە (نزیکەى ١٢٠ جار ئەوەندەى دووریى نێوان زەوى و خۆر).
ئەو زانیاریانەى ڤۆیەجەر٢ ئەیاننێرێت بە گوڕى تەنها ٢٠ واتن، وە ئەو کاتەى شەپۆلەکە ئەگاتە زەوى، دواى نزیکەى ١٥,٦ کاتژمێر، تواناکەى بلیۆنان جار لە هێزى پاتریەکى کاتژمێر کەمترە.
بەهۆى ئەوەى کەوتوونەتە بەشى باشوورى نیوەگۆى زەوى و ئەنتێنناى زۆر گەورەیان هەیە، تەنها تەلەسکۆپەکانى cdscc و cisro لە ئوستڕالیا ئەتوانن پەیوەندیەکانى ئەم کەشتیە ئاسمانیە وەربگرن.
دواى تاقیکردنەوە بۆ ماوەى هەفتەیەک، لە ٨ / ١١ لە ڕێگەى ئەم تەلەسکۆپانەوە توانرا ڕۆژانە بۆ ماوەى ١١ کاتژمێر پەیوەندى لەگەڵ ڤۆیەجەر٢ دا ببەسترێت، ئەو کاتەى ئەکەوێتە ئاسۆى ناوچەکە.




سەرچاوە:
http://theconversation.com/australia-is-still-listening-to-voyager-2-as-nasa-confirms-the-probe-is-now-in-interstellar-space-108507

Comments

Popular posts from this blog

بەهۆى گۆڕانکاریى کەشوهەوا هەندێک لەو دیمەنانەى ئێمە لەگەڵیان ڕاهاتووین خەریکە لەناو دەچن.

دۆزینەوەیەکى نوێى هەڵکەندنى پەیکەرێکى بەبەردبوو مێژووى پەرەسەندنى مرۆڤ ئەگێڕێتەوە بۆ ١٠ ملیۆن ساڵ.

گۆڕینی دوانۆکسیدی کاربۆن بۆ سووتەمەنی و پلاستیک و بەرهەمی تری بەنرخ.