بۆچى نیشتنەوە لەسەر ڕووى مانگ کارێکى هێندە سەختە؟


بۆچى نیشتنەوە لەسەر ڕووى مانگ کارێکى هێندە سەختە؟

In an artist's concept, the Indian lander Vikram nears the lunar surface.

وا چاوەڕوان ئەکرا هیندستان ببێتە چوارەم وڵات کە بە سەرکەوتوویى کەشتیى ئاسمانیى لەسەر ڕووى مانگ بنیشێتەوە، وە ئەمەش لە ناوچەیەکى سەر مانگ کە هیچ وڵاتێک پێشتر پێى نەگەیشتوە. هەرچەندە تا ئێستاش ئاژانسى ئاسمانى هەوڵ ئەدات پەیوەندى بە کەشتیى ئاسمانیى ڤیکڕام (Vikram)ەوە بکاتەوە - کە لە خولگەى مانگدا بینراوە - دەرەنجامى ئەمە هاوشێوەى حاڵەتى کارەساتبارى سەرەتاى ئەم ساڵ بوو کاتێک کەشتیى ئیسڕائیلى بێرشیت (Bersheet) لەکاتى نیشتنەوەیدا تێکشکا. سەرەڕاى ئەوەى لە ماوەى کارەکانى ئەپۆڵۆدا نزیکەى نیو سەدە لەمەوبەر مرۆڤ چەند جارێک لەسەر ڕووى مانگ نیشتەوە، تا ئێستاش ئەم کارە وەکو کارێکى سەخت ماوەتەوە.
لیزا گرۆسمان (Lisa Grossman) لە تویتێکدا نووسیویەتى: "لە کۆى ٣٠ هەوڵى نیشتنەوەى ئاسایى کە لەلایەن ئاژانسەکانى بۆشایى ئاسمان و کۆمپانیاکانەوە ئەنجامدراوە، زیاتر لە سێیەکى هەوڵەکان بە شکست کۆتاییان هاتوە."
بەڵام هۆکارى ڕاستەقینەى سەختیى چوونە سەر مانگ چیە؟
ئەندازیارى فەزایى ناسا بە ناوى (Alicia Dwyer) بە ماڵپەڕى (Live Science)ى وت: "هۆکارێکى تەنیا بۆ هەوڵە شکستخواردوەکان نیە. بۆ نیشتنەوە لەسەر ڕووى مانگ پێویستە ژمارەیەک شت لە کاتى خۆیدا ئەنجام بدرێن کە ئەگەر هەر کامێکیان شکست بێنێت ئەوا گرفتەکان دەستپێئەکەن."
سەرەتا پێویستە بگەیت بە خولگەى مانگ، ئەمەش کارێکى ئاسان نیە. کەشتى ئەپۆڵو بەناوى (Saturn V) بەشى ئەوەندە سووتەمەنیى پاڵنەرى پێبوو کە ئاسمانەوانەکان لە ماوەى سێ ڕۆژدا بگەیەنێتە سەر مانگ. بەڵام بۆ کەمکردنەوەى تێچووى سووتەمەنى، لە هەڵدانى کەشتیى (Vikram)دا شێوازێکى لێزانانە بەکار هێنراو ماوەى مانگێکى پێچوو بۆ گەیشتن بە مانگ.
دواى گەیشتنە خولگەى مانگ ئەم کەشتیە پەیوەندى بەردەوام بوو بە زەویەوە لەڕێگەى تۆڕەکانى پەیوەندیى ناساوە کە بەسەر سێ ناوچەى سەر زەویدا دابەش بوون و بەردەوام چاودێرى ڕۆبۆتەکانى بۆشایى ئاسمان ئەکەن. لەوانەیە کێشەیەکى پەیوەنیکردن لەپشت گرفتەکانى کەشتیى ڤیکرامەوە بووبێت، چونکە دەزگاکە پەیوەندیى بە کەشتیى نیشتنەوەوە پچڕا کاتێک تەنها ١.٢ میل (٢کم) لەسەر ڕووى مانگەوە دوور بوو. کاتێک کەشتیەکى پشکنین بە خێرایى مووشەکێک بەرەو ڕووى شوێنى نیشتنەوە دەڕوات، بوارێکى کەم بۆ ڕوودانى هەڵە هەیە. بەپێى ڕۆژنامەى تایمزى ئیسڕائیلى لەوە ئەچێت کەموکورتییەک لە ئاڵوگۆڕکرددنى زانیاریەکان بووبێتە هۆى کوژانەوەى تەواوى وەگەڕخەرى کەشتیى ئاسمانیى ئیسڕائیلى (Beresheet) لە ١١ / ٤ / ٢٠١٩.
(Dwyer Cianciolo) وتى: "ئەندازیارەکان ئەتوانن لەسەر زەوى پشت ببەستن بە سیستمى شوێن دیاریکردنى جیهانى (GPS) لە دروستکردنى ئامێرى خودکاردا، بەڵام سیستمى هاوشێوە لەسەر تەنە ئاسمانیەکانى تر نیە. کاتێک بەخێراییەکى زۆر لە بۆشایى ئاسماندا ئەڕۆیت و لە شوێنێکدایت کە زانیاریى کەمت لەبارەیەوە هەیە، گرنگ نیە تۆ کێیت و هەوڵ ئەدەیت چى بکەیت."
هەروەها ئەڵێت: "ئێستا ناسا لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکى بازرگانى کار ئەکات بۆ ناردنى چەند ڕۆبۆتێک بۆ سەر مانگ لە ساڵانى داهاتوودا. ئەم پشکنەرانەى مانگ پێویستە پشت بە ئامرازە هەستییەکانى خۆیان ببەست لەم کارەیاندا."
بۆیە دەزگاکە هەوڵ ئەدات چەند ئامێرێک بەرهەم بهێنێت کە بتوانرێت بە کەشتیە گەڕۆکەکانەوە ببەسترێت بۆ پشکنین و گەڕان بەدواى بەردو چاڵ و ڕێگریەکانى تر بۆ ڕاستکردنەوەى هەر هەڵەیەک کە ڕووبدات، ئەتوانرێت ئەمانە لە کەشتیە تایبەتەکان و کارەکانى داهاتووى ناساشدا بەکار بهێنرێن. ئەم تەکنۆلۆجیایە لە کەشتیى داهاتووى ناسا بۆ سەر مەریخ بۆ ساڵى ٢٠٢٠ تاقى ئەکرێتەوە کە بڕیار وایە ساڵى داهاتوو هەڵبدرێت و لە مانگى ٢ / ٢٠٢١ لەسەر هەسارە سوورەکە (مەریخ) بنیشێتەوە.
نزیکەى هەموو ئەو هەوڵانەى لە نیشتنەوە لەسەر مانگ شکستیان هێناوە ئەوانە بوون کە مرۆڤیان تێدا نەبوە، لەوانەیە ئەمەش هاندەرێک بێت بۆ ئەوەى کە بوونى کەسێک لەم کارەدا شتێکى زۆر پێویستە کاتێک گیروگرفت دروستئەبن. لە ماوەى کارەکانى پڕۆژەى ئەپۆڵۆدا، چاوەکانى مرۆڤ و پەرچەکردارەکانى ڕۆڵێکى گەورەیان لە نیشتنەوە سەرکەوتوەکان بینى. کاتێک نیل ئاڕمستڕۆنگ ناوچەیەکى بەردینى بینى کە بڕیار وابوو لەوێ بنیشنەوە، کۆنتڕۆڵى کەشتیەکەى گرتە دەست خۆى و بەرەو ناوچەیەکى گونجاوتر بۆ نیشتنەوە ئاڕاستەکەى گۆڕى.
بەڵام بەهۆى ئەوەى ئاسمانەوانەکانى ئەو کاتە پێشینەیەکى شارەزاییان لە بوارى فڕۆکەوانیدا هەبوو چاوەڕوانى ئەوەیان لێئەکرا تا ئاستێک دەست بەسەر بارودۆخەکەدا بگرن. ئێستاش سەربەخۆیى لەم بوارەدا کەمێک زیاترە، وە ئەندازیارەکان هەوڵ ئەدەن بگەن بە ئاستێک کە پشت بەم جۆرە سیستمانە ببەستن بۆ ئەوەى بەبێ زیان هاتوچۆ بکرێت بۆ سەر ڕووى مانگ.
کەشتیى پشکنەرى چینى بەناوى (Chang'e-4) کە لە دیوەکەى ترى مانگ نیشتەوەو لە ماوەى هاوینیشدا کەشتیى گەڕۆکى (Yutu-2)ى کارپێکرد، کەمێک ئارامى ئەبەخشێت بەوانەى نیگەرانن دەربارەى سەختییەکانى گەیشتن و نیشتنەوە لەسەر مانگ. ئەندازیارە هیندیەکان ئەکرێت دڵیان بەوە خۆش بێت کە کەشتیى ئاسمانیى (Chandrayaan-2) تا ئێستاش لە خولگەکەى خۆیدا کار ئەکات و کارى زانستى ئەنجام ئەدات، وە لەوانەیە هەوڵى داهاتوویان سەرکەوتووتر بێت.
(Dwyer Cianciolo) هەروەها وتى: "من دڵم بۆ ئەوان ژان ئەکات چونکە ئەزانین کە چەند کاریان کردووەو کاتیان پێچوە لەم کارەیاندا، بەڵام ئەمە کارێکە پێویستى بە بەردەوامبوون هەیە، بۆیە هیوام هەیە بەئەنجام بگات."



Comments

Popular posts from this blog

بەهۆى گۆڕانکاریى کەشوهەوا هەندێک لەو دیمەنانەى ئێمە لەگەڵیان ڕاهاتووین خەریکە لەناو دەچن.

دۆزینەوەیەکى نوێى هەڵکەندنى پەیکەرێکى بەبەردبوو مێژووى پەرەسەندنى مرۆڤ ئەگێڕێتەوە بۆ ١٠ ملیۆن ساڵ.

گۆڕینی دوانۆکسیدی کاربۆن بۆ سووتەمەنی و پلاستیک و بەرهەمی تری بەنرخ.