بەپێى لێکدانەوەیەکى ژیربێژیى نوێ لەوە ئەچێت ماددەى ڕەش بەر لە تەقینەوە گەورەکە بەرهەم هاتبێت

بەپێى لێکدانەوەیەکى ژیربێژیى نوێ لەوە ئەچێت ماددەى ڕەش بەر لە تەقینەوە گەورەکە (Big Bang) بەرهەم هاتبێت لە ماوەى هەڵئاوسانى گەروونیدا، ئەو کاتەى فەزا لەناکاو بەرفراوان بوە.


Big Bang Dark Matter

لێکۆڵەرەوان پێیانوایە ماددەی ڕەش ۸۰٪ی کۆی بارستایی گەردوون پێکدێنێت، بەڵام بنچینەو پێکهاتەى ئەم ماددەیە وەکو ئاڵۆزترین نهێنیى فیزیاى سەردەم ئەمێنێتەوە. لێکۆڵینەوەیەکى تازەى زانکۆى جۆنس هۆپکینس (Johns Hopkins) ئەوە ئەخاتە ڕوو کە لەوانەیە ماددەى ڕەش بەر لە تەقینەوە گەورەکە هەبووبێت.
لێکۆڵینەوەکە لە گۆڤارى (Physical Review Letters) بڵاو کراوەتەوەو بیرۆکەیەکى نوێ دەربارەى چۆنیەتى دروستبوونى ماددەى ڕەش و چۆنیەتى ناسینەوەى لە کاتى بەدواداچوونە گەردوونیەکان دەخاتە ڕوو.
تۆمى تێنکانەن (Tommi Tenkanen) خاوەنى بڕوانامەى دکتۆرا لە کۆلیجى JHUى فیزیاو خاوەنى ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەڵێت: "لێکۆڵینەوەکە پەیوەندیەکى نوێ لە نێوان فیزیاى تەنۆلکەکان و گەردوونناسیدا ئەخاتە ڕوو. ئەگەر ماددەى ڕەش لە تەنۆلکەى نوێ دروستبووبێت بەر لە تەقینەوە گەورەکە ئەوا کاریگەرى هەبوە لەسەر دابەشبوونى گەلەئەستێرەکان لە ئاسماندا بەو شێوە تایبەتەى کە هەیە. ئەگونجێت ئەم پەیوەندییە بەکار بهێنرێت بۆ دۆزینەوەى شوناسى ئەم تەنۆلکانەو تێگەیشتن لە کات بەر لە تەقینەوە گەورەکە."
لەکاتێکدا شتێکى زۆر دەربارەى بنەچەى ئەم تەنۆلکانە نازانرێت، گەردوونناسەکان ئەوەیان خستۆتە ڕوو کە ماددەى ڕەش ڕۆڵێکى کاریگەرى هەیە لە شێوەپێکهاتنى گەلەئەستێرەو کۆمەڵە گەلەئەستێرەکان. هەرچەندە ناتوانرێت ڕاستەوخۆ هەستى پێبکرێت، زاناکان ئەزانن ماددەى ڕەش هەیە بەهۆى کاریگەریەکانى هێزى کێشکردنى لەسەر چۆنیەتى جووڵەى ماددەو دابەشبوونى لە ئاسماندا.
بۆ ماوەیەکى زۆر لێکۆڵەرەوان پێیانوابوو کە ماددەى ڕەش بەرهەمى تەقینەوە گەورەکەیە. زاناکان لەو کاتەوە بەدواى ئەم جۆرە ماددەیەدا دەگەڕێن، بەڵام تا ئێستا هیچ یەکێک لە لێکۆڵینەوە تاقیکاریەکان سەرکەوتوو نەبوون.
تێنکانەن ئەڵێت: "ئەگەر ماددەى ڕەش بەرهەمى دواى تەقینەوە گەورەکە بوایە ئەوا تا ئێستا ئەبوایە لێکۆڵەرەوەکان لە چەند حاڵەتێکدا ئاماژەیەکى ڕاستەخۆى ئەم ماددەیەیان لە چەند تاقیکردنەوەیەکى فیزیاى تەنۆلکەیى جیاجیادا هەست پێبکردبوایە."
بە بەکارهێنانى شێوازێکى نوێ و سادەى ژیربێژى، لێکۆڵینەوەکە ئەوە ئەخاتە ڕوو کە  لەوانەیە ماددەى ڕەش بەر لە تەقینەوە گەورەکە بەرهەم هاتبێت لە ماوەیەک کە ناسراوە بە هەڵئاوسانى گەردوونیى کاتێک فەزا بەشێوەیەکى زۆر لەناکاو بەرفراوان بوە. باوەڕ وایە کە ئەم بەرفراوانبوونە لەناکاوە بۆتە هۆى بەرهەمهێنانى بڕێکى زۆر لە تەنۆلکەى تایبەت کە ناسراون بە سکەیلەر [تەنۆلکەى بنچینەیى] (Scalar)، تا ئێستا تەنها یەک لەم تەنۆلکانە دۆزراوەتەوە، ئەویش پێیئەوترێت بۆزۆنى هیگس [بەناوى زانا هیگس].
تێنکانەن ئەوە ڕوون ئەکاتەوە کە: "ئێمە نازانین ماددەى ڕەش چیە، بەڵام ئەگەر هیچ پەیوەندییەکى بە تەنۆلکە بنچینەییەکانەوە هەبێت، ئەبێت لە تەقینەوە گەورەکە دێرینتر بێت. بەپێى ئەم سیناریۆ ژیربێژییە پێشنیارکراوە پێویست ناکات گریمانەى بەریەککەوتنێکى نوێ لەنێوان ماددەى بەرجەستەو ماددەى ڕەشدا بکەین لەدواى هێزى کێشکردنەوە کە ئێمە دڵنیاین لە بوونى ئەم هێزە.
لەکاتێکدا کە بیرۆکەى بوونى ماددەى ڕەش بەر لە تەقینەوە گەورەکە بیرۆکەیەکى تازە نیە، تیۆرەکانى تر نەیانتوانیوە ئەو هاوکێشەیە ئەژمار بکەن کە پشتیوانیى بیرۆکەکە بکات. هەروەها ئەڵێت: "لێکۆڵینەوە نوێیەکە ئەوە ئەخاتە ڕوو کە لێکۆڵەرەوان هەمیشە بێئاگا بوون لە سادەترین سیناریۆى ژیربێژیى گونجاو سەبارەت بە بنچینەى ماددەى ڕەش."
هەروەها لێکۆڵینەوەکە پێشنیارى ڕێگایەک ئەکات بۆ پشکنینى بنچینەى ماددەى ڕەش لە ڕێگەى ئەو کاریگەرییەى ماددەکە دروستى ئەکات لەسەر شێوازى دابەشبوونى ماددە لە گەردووندا.
تێنکانەن ئەڵێت: "لە کاتێکدا ئەم جۆرە لە ماددەى ڕەش ئەوەندە نامۆیە کە ناتوانرێت لە تاقیکردنەوە تەنۆلکەییەکاندا بدۆزرێتەوە، ئەتوانرێت بوونى بسەلمێنرێت لە تێڕوانینە گەردوونیەکاندا. بەم زوانە زیاتر دەربارەى بنچینەى ماددەى ڕەش ئەزانین کاتێک مانگى دەستکردى (Euclid) هەڵئەدرێت لە ساڵى ٢٠٢٢. شتێکى زۆر دڵڕفێن ئەبێت کە ببینین چ شتێک دەربارەى ماددەى ڕەش ئەدۆزێتەوەو ئەتوانرێت ئەمەش هاوکار بێت بۆ لێکۆڵینەوە لە دەمەکانى بەر لە تەقینەوە گەورەکە.
Image: NASA’s Goddard Space Flight Center/CI Lab

Comments

Popular posts from this blog

بەهۆى گۆڕانکاریى کەشوهەوا هەندێک لەو دیمەنانەى ئێمە لەگەڵیان ڕاهاتووین خەریکە لەناو دەچن.

دۆزینەوەیەکى نوێى هەڵکەندنى پەیکەرێکى بەبەردبوو مێژووى پەرەسەندنى مرۆڤ ئەگێڕێتەوە بۆ ١٠ ملیۆن ساڵ.

گۆڕینی دوانۆکسیدی کاربۆن بۆ سووتەمەنی و پلاستیک و بەرهەمی تری بەنرخ.